قورساییەک لەسەرمدایە، لێناگەڕێت سەرم هەڵببڕم
تیشکێک لەسەر چاوەکانمە، بەئەستەم لێدەگەڕێ پێڵوەکانم بتروکێنم
وشەگەلێکی زڕ و ڕزێنەر،
ژاوەژاوێک دێتە بەر گوێم، لێوەکانم دەبەسترێت، ناتوانم چیتر بدوێم
هەنگاو هەنگاو بەرەو دواوە دەکشێمەوە

خۆم دەبینم لە خۆمدا، لەگەڵ مندا دانیشتووە
وەک هاوڕێیەک، پاسەوانێک، وەک پاڵەوانێک بە قەڵغانێکەوە
دەمپارێزێت لەوەی بجوڵێم، نەکا بێتو دەرکەوم
دەمهێڵێتەوە لەو بێهێزییەدا، نەکا بێتو بەرکەوم

ئەو هەر ڕۆژ دەبێت گەورەتر
قەڵغانەکەشی هەر ڕۆژ پتەوتر
دامدەپۆشێت، دەمگوشێت، دەمخزێنێتەوە تاریکی،
لە مندا ئارەزوو بۆ بەدگۆڕان دەپشکوێنێت،
ورد دەبم، دەتوێمەوە و دەبمە سێبەر

دەچمەوە نێو خۆم و تێکەڵدەبمەوە
دەبمەوە ئەو، دەبمەوە خۆم
دەبینم هێشتا درەنگ نییە
دەستپێدەکەمەوە...